Saturday, April 08, 2006

سه‌نگی مه‌زاری شاملوو

به‌ردی مه‌زاری ئه‌حمه‌دی شاملوویان دیسان شكانده‌وه. وه‌ک په‌شێو ده‌ڵێ "سوپاس بۆ تۆ زمان سوپاس" که نه‌ترسییه‌كه‌ت گوڕ ده‌داته ئاشقه‌كانی ڕاستی له‌م سه‌رده‌می درۆ و هه‌را و هوریا و هاشه و هووشه‌دا و مه‌رگ ده‌سڕیته‌وه و نه‌مری تۆمار ده‌كه‌یت، بۆیه  . زمانی شاملۆ و ده‌نگی ڕه‌سه‌نی بوێر و له حه‌قیقه‌تگه‌ڕی ئه‌و هێنده بۆ كۆنه‌په‌رستی سامناكه كه ته‌نانه‌ت مردووه‌كه‌یشی مۆته‌كه‌ی هاوارێكه بۆیان.
ده‌نگی شاملوو دێته گوێم كه ده‌ڵێ :

  
مرا عظیم‌تر از این آرزویی نمانده است
که به جست و جوی فریادی گم‌شده برخیزم.

با یاریِ فانوسی خرد
یا بی یاریِ آن،
در هر کجای این زمین
یا هر کجای این آسمان.  ‌
...........
ای تمامی دروازه‌های جهان!
مرا به بازیافتن فریاد گمشده‌ی خویش
مددی کنید!

                                                   شاملو – باغ آینه

Saturday, March 04, 2006

پێشه‌كییه‌ک بۆ ...

چاره‌نووس و قه‌ده‌ری هه‌موو مرۆڤه‌كان هه‌ر یه‌ك شته: له‌دایكبوون و تێگه‌یشتن و هه‌ستكردنی جیهان و پاشان مردن. مردنێك كه هه‌میشه ته‌نانه‌ت له لای پیرترین و عه‌لیلترین بنیاده‌میش هه‌ر به ناوه‌خت، دزێو و ترسناك دێته پێش چاو. له بیر نه‌كه‌ین هه‌بوون كاتێك مانای خۆی وه‌ده‌ست دێنێت كه له به‌رانبه‌ر نه‌بووندا دابنرێت. هه‌روه‌ها نه‌بوون له هه‌مبه‌ر بووندا. نه‌بوون به‌ ته‌نیا هیچ پێناسه‌یه‌كی بۆ ناكرێت .... بۆیه جیهانی نه‌بوون جیهانێكی نه‌ناسراو و له‌ به‌ر ئه‌وه‌یش ترسناكه؛ ئه‌گه‌ر بمرم ئایا ده‌مێنم؟ " تۆ بڵێی پاشی نه‌مان ژینێ بێ، بۆ له‌شی سارده‌وه‌ بوو تینێ بێ؟" پاش مردن جیهان هه‌ست پێده‌كه‌م؟ ئه‌گه‌ر هه‌ستی ناكه‌م، هه‌ست نه‌كردن و تێداچوون چۆنه؟ ئه‌مانه پرسیارگه‌لێكن كه هیچكات وه‌ڵامیان نییه چون له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی مه‌عریفه و عه‌قڵی مرۆڤدان.
وێ ده‌چێت كه مرۆڤه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی باپیرمان، به تمێشای وێنه‌ی خۆیان كه له نێو ئاوی كانیاوه‌كاندا وه‌ده‌رده‌كه‌وت و به‌ دیتنی سێبه‌ری خۆیان كه هه‌میشه له‌گه‌ڵیاندا بوو، گه‌یشتن به‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه هه‌موو مرۆڤێك كاتێك له دایك ئه‌بێت هاوژینێكیشی له‌گه‌ڵدا دێته دنیا. جا ئه‌وسا له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌ته‌ك پرسی مه‌رگدا مرۆڤی جه‌سته ده‌مرد به‌ڵام هاوژین یان ڕۆح و گیان هه‌ر زیندوو بوو. مرۆڤی ئه‌وسا (بگره‌ ئێستایش) به‌رگه‌ی پرسیارێكی گران وه‌ك مه‌رگی نه‌ده‌گرت و بۆیه‌ خودی پرسیاره‌كه‌ی پاك كرده‌وه.
ده‌ڵێن یه‌كه‌م مرۆڤانێك كه ڕه‌وه‌ندی و كۆچره‌وییان وه‌لا نا و نیشته‌جێ بوون مردووه‌كان بوون. ئه‌مه قسه‌یه‌كی زۆر واقیعبینانه‌یه. لای مرۆڤی ئه‌وسا، باوكان و باپیران نه‌ده‌مردن به‌ڵكوو گیانیان هه‌ر هانده‌ر و به‌هێزكه‌ری خێڵ و بنه‌ماڵه بوو. هه‌موو ساڵێك خێڵه ڕه‌وه‌نده‌كان سه‌ردانی گۆڕی باپیرانیان ده‌كرده‌وه و هه‌ر ئه‌و شوێنانه‌یش بوون به یه‌كه‌م شوێنی نیشته‌جێ‌بوونی زیندووه‌كان. هه‌ڵكوتن به‌ باڵای باپیراندا، هانا بردن پێیان و په‌رستنیان، شتانێك بوون كه له بڕوا به زیندوو بوونی باپیرانه‌وه هه‌ڵئه‌قوڵین. مرۆڤی زیندوو درێژه‌ده‌ری ڕێگه‌ی مردووان بوو و مردوو و زیندوو بۆ به هێزكردنی خێڵ تێده‌كۆشین. شانازی كردن به باوك و باپیره‌وه له‌م بڕوایه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه هێزی باپیرانی مردوو  له پشتی مرۆڤانی زیندووه‌یه‌.
پاشتر كه مرۆڤ له ژیانی نێو سروشته‌وه زیاتر به‌ره‌و ژیانی نێو فه‌رهه‌نگ هه‌نگاوی نا، باپیر مانای ڕه‌مزیی خۆی هه‌ر ڕاگرت و ئه‌سڵ و نه‌سه‌ب بووه بنه‌مای دارشتنی سیسته‌می چینایه‌تیی كۆمه‌ڵگاكان. منداڵی كۆیله هه‌ر ده‌بوا كۆیله بێت و نه‌جیب‌زاده‌یش ناوی به‌ خۆیه‌وه‌یه‌ و خوێنی شایه‌تیش له ده‌ماری شازاده‌دا له‌ گه‌ڕدا. بۆیه مرۆڤ پێش ئه‌وه‌ی له‌دایك بێت ئاڕاسته‌ی گشتیی ژیانی به‌پێی ژیانی باوكی دیاری كرا بوو. باپیر ژیانی كوڕ و كوڕه‌زای دیاری ده‌كرد، تاك مانای نه‌بوو. ده‌سه‌ڵاتی ماددی و سیاسی پێكه‌وه گرێدرابوون و پشتاوپشت ده‌گوێزرانه‌وه بۆ نه‌وه‌ی نوێ. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌رچه‌رخانێكی سیاسییش بهاتایه‌ته ئاراوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ ده‌بووا به سه‌ر كۆسپێكدا زاڵ بوونایه:  دروستكردنی ئه‌سڵ و نه‌سه‌بێك بۆ خۆیان. ده‌نا وه‌ک مه‌كبیسی شكسپێریان به سه‌ر ده‌هات: مرۆڤێكی ئه‌هریمه‌نی كه ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی زه‌وت ده‌كات.
له‌گه‌ڵ گه‌شه سه‌ندنی بۆرژوازیدا، بیرۆكه‌ی تازه‌ په‌یدا بوون. بۆرژواكان ئه‌وانه‌ بوون كه‌ نه وه‌ک ڕه‌عیه‌ته‌كان به‌سترابوونه‌وه به زه‌وییه‌وه و كه‌سانێک خاوه‌نیان بن، نه خاوه‌نی زه‌وی و ڕه‌عیه‌ت بوون. بۆرژوازی له سیسته‌می كۆندا جێگای دڵخوازی خۆی په‌یدا نه‌ده‌كرد. ورده ورده ده‌سه‌ڵاتی ماددیی بۆرژواكان زیادی ده‌كرد به‌ڵام به پێی سیسته‌می كۆن پله و پایه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌ر به ده‌ستی خاوه‌ن زه‌وی و نه‌جیب زاده‌وه بوو. شۆڕش و به‌رهه‌ڵست ده‌ستیپێكرد، گۆڕانكاری نه‌ک هه‌ر له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا به‌ڵكوو له دید و بۆچوونی خه‌ڵكیشدا پێک هات. شۆڕشی فه‌ڕانسه، تاكی به ڕه‌سمی ناسی و وه‌ک پێش گریمانه‌یه‌ک هه‌موو مرۆڤه‌كانی له هه‌مبه‌ر یاسادا به یه‌كسان دانا.
  

  

Saturday, December 03, 2005

یه‌كه‌م

تیۆریی كۆمه‌ڵناسانه
تیۆرییه‌كان، گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی چۆن و بۆچی ڕوودانی ڕووداوه‌كانن. به‌م پێیه‌، تیۆرییه‌ كۆمه‌ڵناسییه‌كان حیكایه‌تگه‌لێكن ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه مرۆڤه‌كان چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، چۆن پێكه‌وه كار و كاردانه‌وه‌یان هه‌یه و چۆن خۆیان ڕێكده‌خه‌ن. كاتێك كه به‌م شێوه‌یه له تیۆرییه‌كان بڕوانین، كێشه‌یه‌كی كه‌م له‌ سه‌ر سروشتی تیۆریی كۆمه‌ڵناسانه ده‌بێت. هه‌موو كۆمه‌ڵناسه‌كان له سه‌ر ئه‌و ڕایه ته‌بان كه تیۆرییه‌كان به‌ دوای ڕوونكردنه‌وه‌ی بۆچییه‌تی و چۆنیه‌تی كاری ڕه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام كاتێك كه له‌م گشتیه‌تییه ده‌چینه پێشتره‌وه، ناته‌باییه‌كان ده‌ر ده‌كه‌ون.
پرسیار له‌وه‌ی كه ئایا تیۆریی كۆمه‌ڵناسیانه ده‌توانێت زانستی بێت یان نا له ناوه‌ندی ئه‌م كێشه‌یه‌دایه. هه‌ندێ وا بیر ده‌كه‌نه‌وه كه به‌ڵێ زانستین، هه‌ندێكی‌تر دژی ئه‌وه بیر ده‌كه‌نه‌وه و زۆرێكیش هه‌ڵوێستێكی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه پێشنیار ده‌كه‌ن.
بۆ به‌راوردی ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م ناته‌باییه، با به كورته‌یه‌كی نه‌خشه‌یه‌كی گشتیی سروشتی زانسته‌وه ده‌ست پێبكه‌ین. دواتر، ده‌گه‌ڕێینههوه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌كرێ دژی چ ڕه‌خنه‌گه‌لێك له تیۆریی زانستی بوه‌ستینه‌وه.
سروشتی تیۆریی زانستی
تیۆرییه زانستییه‌كان به‌و گریمانه‌یه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن كه، جیهان، به جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به كرده‌وه‌ی مرۆڤه‌كان دروست بووه

Casino Online